|
هه‌زار و یه‌ک شه‌ونووس
|
ئاوێنه
ئاوێنه بۆ ساتێک ڕێزێکی بێ وێنه له شته‌کان ده‌گرێ و ساتێ دواتر فه‌رامۆشیان ده‌کا و ده‌یان سڕێته‌وه.
شاره نادیاره‌کان/کالوینۆ
دار؛ پێخۆرێک بۆ چیرۆک
له حه‌وشه‌ی ماڵی کابرایه‌کدا، دار قه‌یسییه‌ک هه‌تا توانیبووی نێو قه‌دی خۆی ئه‌ستوور کردبوو و کۆلکه‌ی لێ ڕازاندبۆوه. لق و پۆپیشی به سه‌ر سه‌ربان و دیواری ده‌ر و جیراندا نیگای شۆڕ کردبووه خوارێ و هیچ به‌ریشی نه‌دێنا! ئه‌وه یانی دار قه‌یسییه‌که کاتی بڕینه‌وه‌ی هاتبوو. وه‌ختایه‌ک کابرا ویستبووی بیبڕێته‌وه، چووبوو مشارێکی داربڕیی هێنابوو. له بن بنه‌وه ده‌ستی پێ کردبوو؛ به‌ڵام کۆلکه‌ی دار وه‌ها سه‌خت و ئه‌ستوور و دژوار ببوو، مشاری به‌سته‌زمان ده‌ره‌قه‌تی نه‌هاتبوو. له به‌یانییه‌وه تا نیوه‌ڕۆ، هه‌ر بڕیبوویه‌وه؛ به‌ڵام هیچی دیار نه‌بوو. ناچار براکه‌ی بۆ بانگ کردبوو. براکه‌ی کوتبووی خۆ کاکه به خودا به‌و مشاره به مانگێکیش بۆمان نابڕێته‌وه. کابرا کوتبووی ئه‌ی ته‌گبیر چییه و چی بکه‌ین؟ براکه‌ی کوتبووی ده‌بێ مشاری ئاسن بڕی بۆ بێنێن. چووبوون مشاری ئاسن بڕیان هێنابوو. ماوه‌ی سێ ڕۆژ به مشارێكی زه‌لامی دوو سه‌ره‌وه، ئه‌م، له‌ولاوه و ئه‌و، له‌ولاوه کێشابوویان و پاڵیان تێوه‌نابۆوه و هێنابوویان و بردبوویان. دوو سێ ته‌لیسیان کادار به ده‌می مشاره‌وه هاڕیبۆوه. له هه‌ر چوار لاوه بڕیبوویانه‌وه و ته‌نیا تۆزێک له نێوه‌ڕاسته‌که‌ی مابۆوه که له هیچ لایه‌که‌وه ده‌می مشاری پێ ڕانه‌گه‌یشتبوو. هه‌میشه وه‌ختێک دار ده‌گاته وه‌ها جێگایه‌ک پاڵێكی تێوه ده‌نێن، دار به لادا ده‌که‌وێ. دوو برا یه‌ک به‌خۆیان پاڵیان تێوه نابوو دار به لادا نه‌هاتبوو. ناچار چوو بوون گوریسێکی درێژیان هێنابوو تاکوو له لایه‌که‌وه بیکێشن و دار به لادا بێ. به گوریسه‌که کێشابوویان، ئه‌و تۆزه‌ی مابۆوه و ده‌می مشار نه‌یگه‌یشتبوویه هه‌ر نه‌شکابوو؛ به‌ڵام زۆر ئاسانی و به هێمنی داره‌که له ڕه‌گ و ڕیشه‌وه هاتبووه ده‌رێ! ده‌رکه‌وتبوو که ڕه‌گی ئه‌و داره هه‌مووی ڕزیوه! له داخان دانیشتبوون به‌وه پێکه‌نیبوون که سێ ڕۆژی ڕه‌به‌قه له خۆڕا خۆیان کوشتووه و خۆیان ماندوو کردووه؟!
ساڵی ژنان
ساڵی دووهه‌زار و نۆ ساڵێ ژنانی چیرۆک نووس بوو. ئه‌و ساڵ هه‌رچی خه‌ڵاتی به نێوبانگی جیهانییه به ژنان دراوه. هێرتا موولێر خه‌ڵاتی نۆبێڵ، هێلاری مه‌نتێل خه‌ڵاتی بووکێری بریتانیا، ئالیس مۆنرۆ خه‌ڵاتی نێونه‌ته‌وه‌یی بووکێڕ، ئێلیزابێت شترووت خه‌ڵاتی پۆلیتزێر، ماری نادی خه‌ڵاتی گونکوور!
ناجوامێرانه
کاک تایری حامیدی له به‌شی تێبینی-دا ئادره‌سی سایتی کوردستان راپۆرتی داناوه و نووسیویه‌تی ئایا پێیان راگه‌یاندوون؟ دیاره مه‌به‌ستی ئه‌وه بووه که کوردستان راپۆرت کۆڕی خوێندنه‌وه‌ی خه‌ونی جاڵجاڵۆکه‌کانی ڕوانه‌ی بڵاو کردۆته‌وه؛ نه‌وه‌ڵا پێیان ڕا نه‌گه‌یاندووین هیچ کارێکی زۆر دزێویشیان ده‌رحه‌ق کردووین. له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که له سه‌ره‌وه نووسیویانه ئاماده‌کردنی کوردستان راپۆرت! من پێشتر وه‌ختێک به‌وه‌م زانی ئیمه‌یلێکم بۆ ناردن و پێم راگه‌یاندن که کاره‌که‌یان چه‌نده ناحه‌زه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانیش داوای لێ بوردنیان کرد و کوتیشیان که ئه‌و کۆڕه که‌سێکی دیکه به راسپارده‌یی شێرزاد حه‌سه‌ن، ناردوویه‌تی! بۆ ئاماده کردنه‌که‌ش هیچ وڵامێکیان نه‌بوو!! جودا له‌وه یادداشتی "تۆبه‌که‌ران"ی بریاش هه‌ر له‌وێ سه‌ری ده‌رهێناوه‌ته‌وه!!
ئێواره کتێب
ئه‌وڕۆ کتێب فرۆشیی موکریان کتێبی هێنابوو؛ لانم زه‌لیل بوو چی وام بۆ هه‌ڵنه‌گیرا. هاوڕێیان باوه‌ش باوه‌ش بردیانه‌وه و منیش نه‌موێرا. له‌وه‌پێش "ته‌زکیره‌تولئه‌ولیا"یه‌کم بردبۆوه بڕێک خووگه ملێی له گه‌ڵ کرابوو! ئه‌وڕۆ ره‌حمان ماڵی ئاوا بۆی گۆڕیمه‌وه. جودا له‌وه ته‌نیا کتێبێکی چکۆله‌ی گیرفانیم هه‌ڵگرت و بۆ ئه‌وه‌ی ره‌حمان ده‌فته‌ره‌که‌ی هه‌ڵنه‌داته‌وه و وه‌بیری نه‌یه‌ته‌وه چه‌نده قه‌رزدارم و له که‌یه‌که‌وه پووڵم بۆ نه‌بردووه، کوتم ئه‌و تاقه کتێبه نووسینی ناوێ؛ زوو پووڵه‌که‌م پێدا و نه‌مهێشت ده‌فته‌ره‌که‌ی بێنێ و چاوم به لاپه‌ڕه ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌که‌ی خۆم بکه‌وێ !!